ململانێی پیاوسالاری و ژنسالاری لە کورتە چیرۆکی “ئیمپراتۆریای ژن”ی دڵشادکاوانی

 توێژەینەوە: هیڤی عمر یاسین


بەشی دووەم

ململانێی پیاوسالاری و ژنسالاری لە کورتە چیرۆکی “ئیمپراتۆریای ژن”

 چیرۆکی ئیمپراتۆریای ژن لە نووسینی (دڵشاد کاوانی) (١٥) یە. ئەم چیرۆکە پڕ لە ڕووداو و گێڕانەوەی ململانێی ژنسالاری و پیاوسالاریی، ژنان و پیاوانی دەسەڵاتخواز لە ململانێدان، بە ئاراستەیەکی نەرێنی پڕ لە گرێی دەروونی و لە ڕووداوە یەک لە دوای یەکەکنی ناو چیرۆکە کە دا، بە دوای هەستی توڵەسەندنەوەن. تا دەگاتە ئاستی شۆڕش و ڕاپەرینەکانی ژن، چەندین جۆری ململانێ لەنێوان ژنان و پیاوان لە ” ئیمپراتۆریای ژندا” ڕەنگی داوەتەوە کە بریتین لە :  

ململانێی دەروونی و کۆمەڵایەتی”ئیمپراتۆریای ژن”

 ململانێی دەروونی لە یەکەم گێڕانەوەی چیرۆکخوانی گێڕەوە چیرۆکەکە دەست پێ دەکات، لەسەر زاری کارەکتەرێک لەبەردەم کارەکتەرێکی نەناسراو و بریندار، لە ڕێگەی جێناوی تۆ، ڕووداوی پڕ لە تراژیدی و ململانێی پیاوسالاری و ژنسالاری دەگێڕێتەوە و دەڵێت “دوای ئە و چەند ڕۆژەی بە پرچە ئالۆزکاو و سگی برسی و لاشەی نیوە خوێنیاوییەکەت، بڕیارتدا دواین نوێژی پاکبوونەوەی ئابرووچوونەکەت لەبەردەم یەکێک لە ماکەوە چیایە حەبیسەکان بکەیت، کە بە قورمەی ڕاوچییەک وەکوو خۆت نیوە گیان لەژێر دەوەنەکەدا لە خوێن سوورکرابوو”. (کاوانی،٢٠٢١: ٦٠). لێرە وەک دەستپێک کارەکتەرە بریندارەکە ڕووبەڕووی ململانێی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆتەوە، بەوەی کە باوەڕی بە ڕزگاربوونی خۆی نییە و ململانێی بۆ مانەوەی خۆیی لە ژیاندا ناکات، ئەمەش یەکەم دەرگەی ململانێی مانەوەی فەلسەفەی داروینیزمییە، دواتر دەبێتە بنەمایەک بۆ دەروونشیکاری غەریزەی سیگمۆند فرۆیدەوە. چونکە غەریزەی مردن بەسەر غەریزەی ژیاندا لە ململانێدایە، بە بەڵگەی ئەوەی کە کارەکتەرەکە داوای یارمەتی ناکات ڕزگاری بکەن و یاخود خواردنی پێ بدەن، ئەمەش هێمایێکە لای چیرۆکنووس بۆ خۆبەدەستەوەدانی ڕەگەزی و بێ ئومێد بوونە لە ژیان.

 بکووژی کارەکتەرەکە، پەروەردە و ژینگەکەی وای لێکردووە کەوا بە نائاگایانە، ئەو وێنایەی بۆ ڕەگەزی مێ کێشراوە هەر بەو شێوەیە ببینێت، بۆیە ململانێی بۆ ڕازیکردنی کۆمەڵ کردووە بە کوشتنی ژنێک، کە ئەمەش دەرئەنجامی ململانێی کۆمەڵایەتییە لای جیرۆکنووس، بۆیە بە پێوەری دەروونزانی ئەمە دەستپێکێکی زێڕینە بۆ چوونە ناو ڕووداوەکانی چیرۆکەکە.

 ململانێی گێڕەرەوە لە”ئیمپراتۆریای ژن”

گێڕەرەوەی چیرۆکەکە خۆی لە ململانێی بەدەستهێنانی ژنێکدا بووە بە ناوی (هەفرسە)، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە لە خەونی بەدەستهێنانی هەفرسە بێ ئۆمێد دەبێت، بەمەش دەکەوێتە ململانێی خۆ دواندن وەک لەسەر زاری کارەکتەرەکە خۆیایە “منی نەزان و کڵوڵ پاش لە دەستدانی تەواوی خەونەکانی هەفرسە، بڕیاری خۆمداوە هەموو شتێک دەربارەی زانیاری و ڕاپەرینە مەزنەکانی ژن و یاخیبوونەکان لەبەردەم دادگا زۆرە ملێکانی پیاودا هەڵڕژم”. (کاوانی،٢٠٢١: ٦٠)، دوای شکستهێنان لە خەونی بەدەستهێنانی هەفرسە، ململانێکردن لەگەڵ خۆی، ڕووبەڕووی ململانێیەکی تر دەبێتەوە بەوەی کەوا هەوڵبدات نهێنییە مەزنەکانی ژنان ئاشکرا بکات، بوونی ستەمی پیاو لە ژن وای کردووە ژنان یاخی ببن، لەم کورتە چیرۆکەدا ململانێکان زۆرن، بەڵام کارەکتەرە گێڕەرەوەکە ڕەگەزی دیار نییە ئاخۆ مێیە یان نێرە، تاکوو بریاری ئەوەی لەسەر بدەین لە بارەی ئەوەی کەوا ژنسالارە یان پیاوسالارە.

ململانێی ژنسالاری لە “ئیمپراتۆریای ژن”

 ژنان لە کورتە چیرۆکەکەدا بەسەر خۆیان سالارن بەوەی کە بە ئاگان لەوەی چیتر شایەنی ئەوەنین بچەوسێنرێنەوە، بۆیە خۆیان دەخەنە ژێر پرسیارەوە، گێڕەرەوەکە لە چیرۆکەکەدا بەم شێوەیە بۆمان دەگێڕێتەوە و دەڵێت “چۆن ئێمەمانان شایەنی ئەوەین، بمان چەوسێننەوە، بکڕدرێین و بفرۆشرێین و بمان سوون….تد، چونکە هیچێک لە مانای ڕۆژگار حەسرەتە ماندووەکانی سەردەمی کۆن تێنەدەگەیشتین، لەبەردەم وەرزە ڕەنگینەکانی سروشتدا تێ دەپەڕین و تەنیا ئاوڕدانەوەیەکی خێراشمان بۆ دواوە نەدەدایەوە، لە حەقیقەتە تفتەکەنی ژین حاڵی نەدەبووین”. ( کاوانی، ٢٠٢١: ٦٠). ژنان دەیانەوێت لە خۆیان تێبگەن بۆچی دەچەوسێندرێنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش ڕەخنە لە خۆیان دەگرن بەوەی کەوا بۆچی ڕۆژێک سەیری دواوەمان نەکردووە، لە ڕابردووی خۆمان تێبگەین و لە بوونیەتی خۆمان تێبگەین، لێرەدا هۆکاری چەوساندنەوەی خۆیان بۆ ناهوشیاری خۆیاندەگەرێنەوە، ململانێکردن بۆ ناسینی خود ململانێیەکی ئەرێنییە لای نووسەر.

ململانێکردن بۆ ڕازیکردنی ڕەگەزی نێر لە “ئیمپراتۆریای ژن”

 ژنانی نێو چیرۆکەکە ڕەخنە لە ڕابردووی خۆیان دەگرن بەوەی کەوا تەنها ململانێیان بۆ ڕازی کردنی ڕەگەزی نێر کردووە، بۆ ئەو مەبەستەش دەیان گوت “هەمیشە بۆ تێرکردنی غەریزەکانی پیاو دەچەماینەوە و بۆیە خۆمان شیرینتر و خۆشمێ تر دەکرد”. ( کاوانی، ٢٠٢١: ٦١). خۆ شیرینکردن و خۆ جوانکردن نەک تەنها ململانێکردنە بۆ ڕازیکردنی ڕەگەزی نێر، بەڵکو ململانێ لە نێوان ژنانیش دێنێتە بوون بەوەی کە کێ جوانترین و ناسکترینە. ئەمەش چەوساندنەوەیەک بوو بەرامبەر بە خۆیان، چونکە ناز و مەکر تەنها بۆ ژن هەڵبەسترابوو، کە هیچ بەدیلێکیتریان نەبوو و خالی لاوازی پیاوان بوو بەرامبەر بە ژنان، بۆیە بەشێوەیەکی نەرێنی و درۆ وێنای مەکری ژنانکراوە.

– ململانێ بەرامبەر هەڵبەستراوەکان لە “ئیمپراتۆریای ژن”

 ژنانی نێو چیرۆکەکە، بەرامبەر ئەو هەڵبەستراوانە دەوەستانەوە کە بۆیان دروستکرابوو، کە دەبێت جوان و ناسک بن. بۆیە هەفرسە یەکێکە لە کارەکتەرەکانی نێو چیرۆکەکە دژی ئەو هەڵبەستراوانە وەستایەوە کە ژن دەبێت جوان و ناسک بێت، ڕقی لە هەموو جوانی ناسکییەک و ئالتوون دەبوویەوە، لە چیرۆکەکەدا وێنایەکی نەرێنی بەرامبەر بە ژن کێشراوە کەوا ژنان درۆ و ناز دەکەن، هەفرسە “هەموو نهێنییەکانی ژنی لە درۆزەبەڵاحەکانی نازە بێ حەشوەتەکانی پەردەپۆش دەکردن”. (کاوانی،٢٠٢١:٦١).

ئەم وێنا نەرێنییە لە درۆکانی ژن و نازەکانی تۆخ کراونەتەوە بەوەی کە ژن وەک بوونەوەر گەلێک درۆزنن.

هەفرسە دایە حەوای تۆمەتبار دەکرد بەوەی کەوا خیانەتی لە ژنان کردووە، دڵشاد کاوانی دەنووسیت “نەدەبووایە کچەکانی بە قابیل و هابیل بفرۆشێت” (١٧)، هەرتەنها ژنان حەوا تۆمەتبار ناکەن، بەڵکو پیاوانیش حەوا تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە هۆکار بووە، ئادەم لە بەهەشت دەربکرێت، بەڵام هۆکاری سەرەکی ململانێ و مانەوە یئیبلیس بوو، بووە هۆی ئەوەی کە ڕاڕایی و دوو دڵی بخاتە نێوان دەروونی ئادەم تا لە بەرووبوومی قەدەخە کراوەکە بخوات(١٨).

دژیەک لە چەند ڕووداوێکی ململانێی “ئیمپراتۆریای ژن”

 لەکاتی ململانێکاندا ڕووبەرووی چەند دژییەکێک دەبینەوە، لەوانە:

١- دژییەک لە دەروونی هەفرسەدایە، کەوا ڕقی لە هەموو جوانی و ناسکییەک و کەرستەی ژنان دەبوویەوە، ململانێی بۆ ئەوەی دەکرد کەوا نووسەر ئێژێت” ژنان جوان و ناسک نین، ژن بوونەوەرێکی تووڕە و یاخییە، بەڵام قەدەر وایە پێیان دەڵێن ژن، دروستبوونی پیاوی بە فێڵ و تەڵەکەبازەکانی شەیتانی دەزانی”. (کاوانی،٢٠٢١: ٦٠)، بەڵام تاکە پیاو کە توانی پەیوەندی تووند و تۆڵ لەگەڵ هەفرسەدا بگرێت، پیاوێک کە لاساییکەرەوەی ژنان بوو، لە کەرەستە جوانکارییەکان، قژی درێژ…. تد، کە ئەمەش دژی ویستە خەفەکراوەکانی هەفرسەیە، کە گیانی پڕبوو لە ڕق لە جوانی ناسکی ژن، بەڵام پیاوێکی ناسراو بە ئەحەی سەرژنانە بتوانێت جێی خۆی لە دڵی بکاتەوە بۆ ڕاپەراندنی کارەکانی.

٢- هەڵبژاردنی سەرۆکێک لە ڕەگەزی مێ، کوشتنی ژن لەلایەن کەسی نەناسراوەوە، بوونی دژییەکێیکی ترە لە نێو ململانێی چیرۆکەکەدا، کارەکتەرە گێڕەرەوەکە دەڵێت ” هەموو بەیانییەک کە لەخەو هەڵدەستام وێنەی کچە کوژراوەکانم دەبینی، کە لەلایەن دەستێکی ون هەڵدەواسران، یاخوود بەیاننامەی تازە و بەرنامەکاری نوێ لە نۆژەندا دادەڕێژرایەوە و لە خوارووشیدا نێوی سەرۆکی ڕەگەز و پێشەوای ئایندە دەنووسرایەوە، بەروارەکەشی بە کات و ڕۆژی لەدایکبوونی مێینەیەکی تر دەستپێ دەکردەوە”. (کاوانی، ٢٠٢١:٦٤). دژیەکەکە لێرەدا بەدی دەکرێت، لەلایەک ژنان دەکوژرێن لەلایەکی تر بانگەشەی لەناوچوونی دەسەڵاتی نێرینە دەکەن، کە دەسەڵاتێکی بۆگەن و ماوە بەسەرچووە، ململانێ کانیشیان بووە هۆی لەناوچوونی، دەسەڵاتی نێرینە.

٣- سەرکوتکردنی هەر پیاوێک کە باسی لە گوزەرانی ژنانی کردبا، بەڵام لەچی و چۆن و بۆ؟ هۆکارەکەی نادیار بوو، ژنانێکی یاخی بەرامبەر بە هەموو هەڵبەستراوەکان و خۆیان بە شۆڕشێکی مەزن و کومەڵایەتی دادەنا، پیاوانی سەرکووت دەکردن، کە ئەمەش پارادوکسە، لە ڕوانینی نووسەر و جیهانبینی خۆی دا.

ململانێی پیاوسالاری لە ئیمپڕاتۆریای ژن

 لەم چیرۆکە داپیاوان دابەشبووینە سەر دوو بەرە، بەرەیەک ململانێیان بۆ حەز و ویستی خۆیان دەکرد، تاکوو لە ژنان نزیک ببنەوە، وەکوو دڵشاد کاوانی لە بارەی کارکتەری ئەحەی سەرژنانە، دەپەیڤێت ” لە وڵاتەکەیدا لاساییکەرەوەیەکی سەرسەختی ژنان بووە تا لە هەفرسە نزیک بێتەوە، بۆ کاری بازرگانیش دەچووە ناوچەی هەرێمەکانی تری خواروو، لەوێ تێکەڵ بە ژنی تر دەبوو، هەر جارە و پیاوانی وەکوو ئەحە بە فرتوفێلێکەوە ململانێیان بۆ ئەوە دەکرد تاکوو لە ژنان نزیکببنەوە”. (کاوانی،٢٠٢١: ٦٣، ٦٤). لێرە دڵشاد کاوانی لە چیرۆکی ئیمپڕتۆڕیای ژن، ڕەگەزی نێر دەخاتە نێوان دوو قۆناغ و دوو چین.

 یەکەمیان: ئەو ڕیکخراوەکان و شۆڕش و خەباتی ژنانە دەخاتە بەر ڕەخنە کە پێشەنگایەتی چالاکییەکانیان دەکەن یاخود هێزی پشتی ئەم جۆرە ڕێکخاوانەن.

 بەرەی دووەم:. دیکەی پیاوان ئەو پیاوانە بوون کە ململانێیان بۆ پاراستنی نەریت دەکردوو، ژنیان لەسەر هەڵەیەکی بچووک دەکوشت، هەر ڕۆژە و وێنەی ژنێکی کوژراو دەبینرا، هەروەک کارەکتەرە گێڕەرەوەکە دەڵێت ” هەموو بەیانییەک کە لە خەو هەڵدەستام، وێنەیەکی تری یەکێک لە کچە کوژراوەکانم دەبینی، کە لەلایەن دەستێکی ون هەڵدەواسران”. ( کاوانی، ٢٠٢١: ٦٤)، ئەم بەرەی پیاوانە قۆناخێکی درێژتری مێژوویان هەیە، لە پیاوانی سەرتایی و ئێستا و بەردەوام ململانێیان بۆ مانەوەی نەریتی ژن کوشتن دەکرد.

ململانێی جەنگ لە “ئیمپراتۆریای ژن”

 لە چیرۆکەکەدا ململانێکان درێژەی هەیە و کۆتایی نایەن، چونکە تا ئیمپراتۆریاکە لەژێر زۆڵم و ستەمی پیاوسالاری ڕزگاری کرا، خۆی لە ژێر ستەمی ژناندا بینییەوە، بەمەش ململانێکان زیاتر درێژەی کێشا، کاوانی ئیژێت ”هەڵبژاردنی سەرۆکێک لە ڕەگەزی مێ، پیاوانی چاویلکە لە چاو، پۆشتە و ڕووت و ڕەجال، زانا و نەزان، ڕۆشنبیر و کولەوار، دەسەڵاتدار و بێ دەسەڵاتی تەنگی پێ هەڵچنیبوون، هەراسانببوون“. (کاوانی،٢٠٢١: ٦٣).

هۆکاری ئەوەی کەوا پیاوان لە ئیمپراتۆریای ژن هەراسان ببوون، پیاوان لە باڵادەستبوونی ژنان دەترسان، ترس لە تۆڵەسەندنەوە، ترس لە کوشتنی پیاو لەسەر شەڕەف، سنووردارکردنی چوونە دەرەوەیان، سنووردارکردنی کاتی کارکردنیان، هەتکردنیان، بەکارهێنانیان وەکوو ئامرازێک لە دەقە ئەدەبییەکاندا بۆ لێدان لە پێگەیان،…تد، ئەم ترسەی پیاوسالاری ڕاستییەکانی ڕاکێشا، ململانێی ژن بۆ تۆڵەسەندنەوە بوو، بەمەش دەنووسێت “هەموو شەوێک لە بیابانەکاندا تەرمی پیاوێکی بێ ناسنامە دەدۆزرایەوە. کوشتنی پیاوان لە بازارەکان و شوێنە گشتییەکاندا ببووە شتێکی ئاسایی هەریەکەیان بەبیانوویەک دەکوژران، زۆربەیان بەتۆمەتی بێشەڕەفی دەکوژران “. ( کاوانی،٢٠٢١: ٦٣)، کوشتنی پیاوان لەسەر شەڕەف هەمان سیناریۆی دەسەڵاتی پیاوسالاری لە دەسەڵاتی ژنسالاریدا دووبارەکرایەوە، بەمەش جیرۆکنووس هەم ستەمکار و ستەملێکراو پێچەوانە دەکاتەوە، بازنەی خراپەکاری دەخاتە هەستۆی مرۆڤ نەوەک ڕەگەز، هەمیش بۆ درکردنی پیاوە بە ستەمکارییە مێژوویەکەیان کە بەرامبەر ژن کردوویەتی، وەک کودەتایەکی هەڵگەڕاوە نیشان دەدات، بەمەش ململانێکان بە شێوەیەکی نەرێنی بەردەوامبوون.

ئیمپراتۆریای ژنسالاری

 وێنەی دەسەڵاتی ژن لە کورتە چیرۆکی ئیمپراتۆریای ژن، وێنەیەکی نەرێنییە، چونکە دەسەڵاتێکە پڕە لە ستەم و کۆت و بەندکردنی نێرینە، ئەم کۆت و بەندکردنەی نێرینەی بە هاوکاری نێرینە خۆیان بووە، بەتایبەتی ڕۆڵی ئەحەی سەرژنانە لە چیرۆکەکدا دیارە کە یارمەتی دەری سەرەکی هەفرسەیە.

پیاوان و گەنجە نێرینەکان لە ئێواران نەیان دەتوانی لەبەر هێڕشی کچەکان بێنە دەرەوە، هەر ڕۆژە و پیاوێک لە ئیمپراتۆریای ژن لەسەر بێشەڕەفی سەردەبڕدران، هەر ڕۆژە و پیاوێک دەستدرێژی دەکرایە سەر، ئەمەش پێچەوانەی شۆڕشی ژنان بوو، بەمەش “شۆڕش دروست نابێت، ئەگەرچەوساندنەوە هەر بەردەوام بێت”. (میسری، ٢٠٢٠: ١٢)، بە واتایەکی تر ئەگەر شۆڕشێک نەیتوانی دەسەڵاتی ستەم بگۆڕێت، ئەوا شۆڕش نییە، بەڵکو تەنها فۆڕم گۆڕدراوە، لە ژێر ستەمی پیاوان ژنان ستەمیان لێدەکرا، بۆیە ململانێکان، زۆر بە جوانی بە سێ شێواز لە جیرۆکەکە دەرکەوتن بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی پیاو:

١- بەشێوەی خۆپیشاندان

 هەفرسە پاڵەوانی جیرۆکەکە خۆی سەرپەرشتی خۆپیشاندانەکانی دەکرد، دڵشاد کاوانی لە چیڕۆکەکەدا دەنووسێت “بە کۆمەڵ کچە تازەپێگەیشتووەکان و قەیرەترشاوەکانی لە دەوری خۆی کۆ دەکردەوە”. (کاوانی (٦٣ :٢٠٢١. ئەمەش باوەڕبوونە بە توانای ژن بۆ سەرکردایەتی شۆڕشی ژنان، کە خاڵێکی ئەرێنی و فراوانی بیرکردنەوەی نووسەر تێگیشتنیەتی لەدەرەوەی ڕەگەزی خۆی کە نێرە، لەکاتێک دا زۆرەبەی شۆڕشەکانی لە ژێر چەپۆکی پیاوان بوون و یان شۆڕشی ڕاستەوخۆی پیاوان ناسراوون.

٢- بەشێوەی نهێنی

 ململانێی شەڕ و پێکدادان بەشێوەی نهێنی لەکاتی چوونی ( ئەحەی سەرژنانە)، بۆ کاری بازرگانی لە هەرێمەکانی خواروو، کە بۆ پیلانگێران چبوو (کاوانی، ٢٠٢١: ٦٣)، یارمەتیدانی ئەحە بووە هۆی سەرکەوتنی پیلانەکانی ژنەیاخیبووەکان، لێرەش هەم دیسان نیشاندانی واقعی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تواناداری نێر نیشان دەدات، کە هەر خۆیان ستەمکار و فریادڕەسی ژنن.

ململانێی لەناوبردنی نێرینە

 ململانێی ژنسالاری بۆ لە نەوابردنی نێرینە دەستی پێ کرد، ” ئەور ۆژەی هەراو هۆریا درێژە کێشا، ئێوارەی پایزێکی کوشتنی نێرینەکان بوو، هەرێمێک لە یەکەم ڕۆژی ئیمپراتۆریای مێینەوە دەستی پێ کرد، خاڵی لە پیاو، لە مێژوو ڕەشەکانی شارستانییەتی زۆرەملێی خۆبەزڵزانەکانی گۆڕدرا، لە یاساوڵ، سەرباز، سەرۆک، مامۆستا و قوتابی، سەراپای پایتەخت و شار و لادێکان، کوچە و کۆڵان و قەیسەری و بازار و دەرو دراوسێ، کۆگا و کارگەکان، مزگەوت، و کلێسا و نوێژخانەکان، لەسەر مینبەر دەگوترایەوە. شاعیر و ڕۆشنبیران، نووسەران، هونەرمەندان لە شانۆکان و مانشێتی ڕۆژنامەکان،….. تد، مێژوونووسەکان لەسەر تاشە بەردی چاخێکی نوێ و تازەگەری هەڵیاندەکەند،… “. (کاوانی،٢٠٢١: ٦٦). نووسەر لە ڕێگەی ئەم چیڕۆکە دەمانباتەوە بۆ مێژووی سەرەتایی مرۆڤایەتی، پێش شارستانییەتی مێژوو و سەدەی نیۆلۆتیک و سەدەی کشتووکاڵی، خواوەندەکانی دایک و سەردەمی شارستانییەتی سومەر و بابل، وەک خواوەندەکانی ژن وەکوو نین هۆسارک، تیامات، ئینینا، کە لەو سەردەمە دا، ژن سەردەستە بووە و پیاو ژێردەستە، ئەمەش بە ڕووێکی دیکە لە بیری نووسەر دا خاڵی گەڕانەوەیە بۆ جێندەر.

ئەنجام

 لە کۆتایی توێژینەوەکەم دا دوای ڕوونکردنەوەی هەریەک لە چەمکەکانی (ژنسالاری، پیاوسالاری، ململانێ، جێندەر) و دەستنیشانکردنی لایەنی مێژووی کۆمەڵگەی ژنسالاریمو ململانێ، هەروەها جۆرەکانی ملمــلانێ و پاڵنەرەکانی، لە شیکردنەوەوەی ” ئیمپراتۆریای ژن “ی دڵشاد کاوانی بەو ئەنجامە گەیشتم؛

  • ژنانی نێو کورتە چیرۆکی ئیمۆراتۆریای ژن، خۆیان ڕەخنەدەکرد بەوەی کە ناهۆشیار و بێ ئاگان لە ڕابردووی خۆیان، بۆیە ململانێیان دەکرد کە چیتر نەچەوسێندرێنەوە.
    • ململانێ ژنسالارەکان پڕبوو لە گرێی دەروونی و هەستی تۆڵەسەندنەوە.
    • بوونی دژیەکێکی زۆر لە نێوان ململانێی پیاوسالاری و ژنسالاری، لە هاتنە سەر تەخت و هەڵبژاردن و ئیمپراتۆریا، گرێی دەروونی، شۆڕش و یاخیبوون….تد.
    • پیاوان ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە چەوساندنەوەی ڕەگەزی خۆیان لەسەردەمی دەسەڵاتی ژندا، هەروەک چۆن ناهۆشیاری ژن ڕۆڵی بینی لە چەوساندنەوەی ژن لە دەسەڵاتی نێرسالاریدا لە ئیمپراتۆریای ژندا.
    • ململانێی پیاوسالاری و ژنسالاری لە ململانێی خۆپیشاندانەکانەوە باڵی بۆ ململانێی جەنگی کێشا.
    • وێنەیەکی نەرێنی بۆ دەسەڵاتی ژن کێشراوە لە ئیپراتۆریای ژن، کە تەنها ئەم درندەییە لە ژێر دەسەڵاتی پیاواندا بوونی هەبووە.
    • دواجار ژن و پیاو مرۆڤن، دەکرێتلە هەر سەردەمێکیان، یەکێکیان ببێت بە ستەمکار، لە ئیمپراتۆریای ژندا دەردەکەوێت، کەوا ئەگەر ژنیش بۆی بکرێت، ڕەگەزی نێر دەچەوسێندرێتەوە بەڵام لە ئاست دەسەڵات و سیاسەت هیچ بەڵگەیەکی مێژوویی نییە، جگە لە گۆتەی گشتی نەبێت.
    • دەکرێت ڕەوتی مێژوویی لە بەرژەوەندی ژنان گۆڕانکاری بەسەر دابێت.
    • ترسی لەقبوونی پێگەی پیاوە لە هانتنی شەپۆڵی فێمێنستی.
    • –          چیرۆکنووس خۆی لە ڕەگەزی نێرە، بەڵام توانیویەتی لە نووسینەکەی دا، باشە و خراپە بۆ هەردوو ڕەگەز بەیەکسانی ببینێت.

پەڕاویزەکان

١- لایەنی بایۆلۆژی مرۆڤ هۆکارنییە بۆ بەهێزی و لاوازی مرۆڤ، فرۆید ژن بەلاوازدەبینێت بە هۆی نەبوونی چوکەوە، کە لە نێرینەدا هەیە، لە مێینەدا نییە، بەڵکو لایەنی کۆمەڵایتییە کە بڕیاری لاوازی و بەهێزی لەسەر ڕەگەزەکان داوە.

٢-فێمینیزم یەکەمین بزوتنەوە بوو بەشێوەی ڕێکخراوەیی ململانێی بۆ یەکسانی ژن دەکرد.

٣- مەرگەیی، عمر مەرگەیی (،١٣-٨-٢٠٢١)، ململانێی یان دیوە شاراوەکەی واقع، خەندان https://www.xendan.org ،

٤- ڕزگار،        محەمەد رزگار (١٦- ٢- ٢٠٢١)،   ململانێی          خێزانی، زانیاریhttps://www.zaniary.com/blog  

٥- ئەحمەد، ڕێزدار ئەحمەد(،١٦-٢-٢٠٢١(، ململانێی دەروونی و جۆرەکانیhttps://zaniary.com/blog%

٦- عوسمان، دیدار عوسمان (١٨-٣-٢٠٢١)، ئادەم (عەلیە سەلام)، مێژووی کوردhttp://www.historyofkurd.com/  

٧- شەپۆڵی دووەمی فێمینزم، لە ئەمریکا لەسالی ١٩٦٥، لە ڕۆژئاوا لە ١٠٦٦ دەستی پێ کرد، ئەم شەپۆڵە پەرەسەندنی زیاتری بەخۆوە بینی لەچاو شەپۆڵی یەکەم.

٨- ئەقڵی نائاگای مرۆڤ بەشێکی سەرەکی مێشکی مرۆڤە، کە بەرپرسە لە بەرێوەبردنی ئەندامانی جەستەی مرۆڤ، یارمەتی دەری ئەقڵی ئاگایە بۆ بیرکردنەوە، ئەقڵی نائاگای مرۆڤ ٪ ٩٥ ژیانی مرۆڤەکان بەرێوە دەبات، یەکەمین پرۆگرامکردنی ئەقڵی مرۆڤ لە تەمەنی منداڵییەوە دەست پێ دەکات، دواتر دەبێتە خۆیەک، بۆیە کاتێک ڕەگەزی نێر پێیان گوت تۆ ئازای بیرۆباوەڕی ئازایەتی لە نائاگای دەچەسپیت، بەڵام کە بە کچ دەڵین تۆ لاوازیت و دەبێت شەرمن بیت، ئەوا بیرۆ باوەڕی شەرمنی و لاوازی لە مێشکی دا دەچەسپێت. https://www.nogomi.ru/songF

٨- ململانێی دەروونی لە ڕووی سایکولوژییەوە چەند جۆرێک بوون، لەوانە ململانێی چوونەپێش کە ئەم جۆرەیان دەروونی مرۆڤ لەنێوان بژاردەی دوو هێزی باش دایە، کە ڕێگرە لەبەردەم هەڵبژاردنی شتەکە، کەچی ململانێی پاشەکشە ململانێیەکە لەنیوان دوو پاڵنەری خراب، کە مرۆڤ لەنێویاندا نازانێت کامییان هەڵبژێریت، چونکە هەردووکی زیانی بۆی هەیە. http://kurdipost1.blogspot.com/g

١- https://darwnshikary.wordpress.com

١١- بە پێویستم زانی ڕوونکردنەوەی لەسەر پەندی ” کچا شەرمن شارەکی تینیت”، ئەو پەندە لە زمانی ڕۆژانەی خەڵک بە تایبەتی دەڤەری بادینان بەکاردەهێنرێت، لە هیچ کەسێکی بەتەمەنم پرسیار نەکردووە و بە پێویستیشم نەزانیوەی قسەی گشتی بە مۆلکی کەسێکدابنێم، چونکە ئەگەر لە کەسێکی بە تەمەنیش بپرسم ئەوا قسەی ئەویش نییە، چونکە ئەویش لە کەسێکی تر گوێی لێبووە، بۆیە پەندەکان مۆلکی گشتین، هەموو کەسێک دەتوانێت لە باسەکانیان بەکار بێنن.

١٢- شەرمنی حالەتێکی دەروونیە، وا لە مرۆڤ دەکات موتمانەی بە خۆی لاواز بێت، زۆرجای شەرمنی ڕێزگرتن تێکەڵ بەیەک دەکرێن، بەڵام ڕێزگرتن جیاوازە، کەسایەتی مرۆڤ بەهێز دەکات، بەڵام شەرمنی کەسایەتی مرۆڤ لاواز دەکات. نەجم، خەیال نەجم(،٢٩-٧-٢٠١٨)، ئایا شەرمنی چییە؟ https://www.sharazurnews.net

١٣- قسەیەکی گشتییە، لە هیچ سەرچاوەیەکم وەر نەگرووتەوە، بەڵکو ڕووداو بارودۆدەخەکانی نێو کۆمەڵگە و ژیانی ئێمە شاهید و سەرچاوەی ئەوەن کەوا ژنان پیاوان یەکتری تۆمەتبار دەکەن لە شکستەکانییان، کە ئەمەش سروشتی مرۆڤە و لەنێو یەک ڕەگەزیشدا بوونی هەیە، بۆ نموونە بە درێژایی مێژوو دوو لایەن هەبوون، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چیرۆکە ئایینیەکەی کە یەکێکیان دایە حەوای تۆمەتبار دەکرد بەوەی کە ئادەمی هەلخەڵاتندووە، لایەنێکی تر باوکە ئادەمی تۆمەتبار دەکرد بەوەی کەوا لاواز بووە خۆی لەبەر حەوا نەگرتووە، ئەمە لەک اتێکدا خوا خۆی ویستی لەسەر بووە جێنیشینێک لەسەر زەوی دابنێت، ئەگەر ئەم ڕووداوەش ڕووی نەدەبوایە ئەی چون مرۆڤ دەبووە جێنیشن؟

قسە( زمان) مۆلکی گشتیە لەرێگەیەوە گوزارشت لە پرسەکان دەکرێن بۆیە مۆلکی گشتی دەکرێت لە دەیان سەرچاوەی تر بەکارهێنرابێت یان هاو هزری هەبووبێتن.

١٥ – گەڵالەی چیرۆک (پلۆت) بریتیە لەنەخشەی چیرۆک، ململانێی ئەو نەخشەیە دروست دەکات.

مەنتک، حەمە مەنتک (٢٠١٨) هونەرەکانی چیرۆک نووسین، چاپی یەکەم، چاپخانەی مێخەک.

 =11

سەرچاوەی کتێبەکان:

  • ئەحمەد، کەمال مەزهەر (٢٠٠٨)، چاپی یەکەم و دووەم، بەغدا.
  • ئۆجەلان، عەبدوڵا (٢٠١٢)، ژنۆلۆژی، چاپخانەی ڕەنج، سلێمانی.
  • ئێگلتون، تێری (٢٠١٥)، بۆچی مارکس لەسەر حەق بوو، پێشرەو محەمەد، دەزگای ئایدیا، چاپخانەی دلێر.
  • ئەنوەر، پەیڕەو (٢٠٢١)، سەرەتایک بۆ جێندەرناسی، چاپی یەکەم، چاپخانەی هەولێر.
  • ئارێنت، هانا (،٢٠٢١)، شۆرش و ئازادی، بەکر علی، چاپی یەکەم، کورد ڕاوم.

– ئیمامی، نەسرۆلا ئیمامی (٢٠١٨) بنەما و میتۆدەکانی ڕەخنەی ئەدەنی، سەنگەر نازم و هیمداد حوسێن، چاپی یەکەم، هەولێر.

– ئەحمەد، شوان (٢٠٠٧)، چەمکی ململانێ، چاپخانەی ڕەنج، سلێمانی.

– د.ئیمام، عەبدوڵفەتاح (٢٠١٣)، ئەرستۆ و ژن، سەرکەوت جەلیل، چاپی یەکەم، چاپخانەی مۆکریانی، هەولێر.

– بیجۆم، د.حەسنە (٢٠٠٧)، ژن لە جیهانی سێدا، چروو سابیر، چاپخانەی ئازادی، سلێمانی.

  • جەمال، سۆزان (٢٠٠٩)، چاپی یەکەم، چاپخانی خانی، دهۆک.

– حیجازی، مۆستەفا (٢٠١٦)، دەروازەیەک بۆ سایکۆلۆژیای مرۆڤ، سەعدی کاکە وەیسی، چاپخانەی ڕۆژهەلات، هەولێر.

-حوسێن، هیمداد (٢٠١٠)، دەروازەیەک بۆ ڕەخنەی ئەدەبی نویی کوردی، چاپی دووەم، چاپخانەی باز، هەولێر.

  • حوسێن، حەمە سەعید (٢٠١٣)، مێ لە سایەی ستەمدا، چاپی یەکەم، چاپخانەی موکریانی، هەولێر.
  • حوسین، سەنگەر نازم، مەولۆد، ڕێزان ساڵح (،٢٠١٨)، چاپی یەکەم، چاپخانەی هەولێر.
  • عزیز، عیزەدین ئەحمەد ( ٢٠١٤)، بنەماکانی دەروونزانی گشتی، چاپی پێنجەم، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر.
  • قەرەچەتانی، د. کەریم شەریف (٢٠٠٦)، سایکۆلۆجیای گشتی، چاپی یەکەم، چاپخانی زانکۆی سەلاحەددین، هەولێر.
  • قادر، سەرۆ قادر(٢٠٠٩)، ئافرەت، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر.
  • کاوانی، دڵشاد کاوانی (٢٠٢١)، نۆبەرەی مەرگم دێت، چاپی یەکەم، ماڵی کتێب.
  • میل،جۆن ستیوارد میل ( ٢٠١١)، کۆیلەکردنی ژنان، ڕەسۆل سۆڵتانی، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕۆژهەلات، هەولێر.
  • مەنتک، حەمە مەنتک (٢٠١٨)، هونەرەکانی کورتە چیرۆک، چاپی یەکەم، چاپخانەی مێخەک.
  • مەستوور، موستەفا مەستوور (٢٠١٤)، بنەماکانی کورتە چیرۆک، مەسعوود خۆرشید سابیر، چاپخانەی ڕۆژهەلات، هەولێر.
  • هیۆد، ئاندرۆ هیۆد (٢٠٠٧)، چاپی یەکەم، دەزگای ئاراس، هەولێر.

سەرچاوە فەرهەنگییەکان:

  • خاڵ، شێخ محەمەدی خاڵ (٢٠٠٥)، فەرهەنگی خال، چاپی دووم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، هەولێر.
  • ئەسوەد، نەوزاد ئەحمەد ( ٢٠١١)، چاپخانەی بینایی، سلێمانی.

لێکۆڵینەوەکان:

  • ئەنگلس، کلارا زتکین، ئەلێکساندەر کۆلنتای، ئێڤێلێن ڕێد (،٢٠٠٨)، ژنان لە کۆمەڵگەدا، مەجید مارابی، چاپی یەکەم، چاپەمەنی گەنج، سلێمانی.
  • عەبدۆڵا، عەباس سالح (٢٠٠٧)، فێمینیزم لە شیعری کوردیدا.
  • کرمانجی خواروو، چاپی یەکەم، چاپخانەی بینایی، سلێمانی.

 ماڵپەڕەکان:

–     ئەحمەد، ڕێزدار ئەحمەد (،١٦-٢-٢٠٢١(، ململانێی دەروونی و جۆرەکانیhttps://zaniary.com/blog4

  • ڕزگار، محەمەد ڕزگار(١٦- ٢- ٢٠٢١(، ململانێی خێزانی، زانیاری https://www.zaniary.com/blog
  • عوسمان، دیدار عوسمان (١٨-٣-)، ئادەم (عەلیە سەلام)، مێژووی http://www.historyofkurd.com7
  • عەبدۆڵا، ئەردەلان (٢٠٠٩)، مەسەلەی ژنکوشتن و شەڕەف.
  • تێبینی:. سەرچاوەی ئافرەت لە مێژوودا لە نووسینی کەمال مەزهەر، بە شێوەی ئینتەرنێت، لە ٢٠٠٨، بڵاوکراوەتەوە، دوو چاپی هەیە، چاپی یەکەم لە ساڵی ١٩٨١، لە بەغدا چاپکراوە، بەڵام، چاپی دووەم،١٩٩٦ ئاماژە بە شوێنی چاپ نەکراوە. لە نووسینی لە لیستی سەرچاوە وەکوو کتێبی ئینتەر نیت ٢٠٠٨ مامەلەی لەگەڵ کردوو و، چونکە من بەشێوەی ئینتەرنیت سوودم لێبینی و نووسینی سێ ساڵ کێشەی لە ڕێکخستنی لیستی سەرچاوە بۆی درۆست دەکردم.

Images: https://pixabay.com/fr/

Check Also

کەسایەتی دارتینیان لە نێوان خەیاڵ و ڕاستیدا

بەیان سەلمان زۆرن ئەوانەی ڕۆمانی ”سێ موسکیتێر”ی Les Trois Mousquetaires ئەلکسەندەر دومایان خوێندۆتەوە. هەمیشە گومانێکمان …